18 11 2023

بەشی زمان و وێژەی کوردی لە ماوەی فێستیڤاڵی توێژینەوەی زانکۆی کوردستاندا دوو سمیناری زانستیی لە ڕێککەوتی ١٤٠٢/٠٨/٢١ بەرامبەری ۲۰۲۳/۱۱/۱۲ لە تالاری خەییامی کۆلێژی زمان و وێژە و له کاتژمێری ‌١٠:٠٠ی بەیانیدا بەڕێوەبرد.

فیستیوالی تویژینەوەی زانکوی کوردستان- به شی زمان و ویژه ی کوردی

بەشی زمان و وێژەی کوردی لە ماوەی فێستیڤاڵی توێژینەوەی زانکۆی کوردستاندا دوو سمیناری زانستیی لە ڕێککەوتی ١٤٠٢/٠٨/٢١ بەرامبەری ۲۰۲۳/۱۱/۱۲ لە تالاری خەییامی کۆلێژی زمان و وێژە و له کاتژمێری ‌١٠:٠٠ی بەیانیدا بەڕێوەبرد.


سمیناری یەکەم بە ناونیشانی "لە ئاستانەی ئەدەبی جیهانیدا" لە لایەن دوکتۆر هیمداد حسێن، پڕۆفیسۆری ئەدەبی کوردیی زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێرەوە بەڕێوەچوو.
سمیناری دووهەمیش بە بابەتی "دەقناسی و دەقییەتی شیعری کوردی", لەلایەن دوکتۆر ڕێبوار محەممەد ئیسماعیل مەلازادەوە ئاراستەی بەشداربووان کرا.

لە سمیناری یەکەمدا د. هیمداد حسێن وێڕای ناساندنی کتێبی ئەدەبی جیهانی کە یەکێک لە بەرهەمە پڕبایەخەکانی خۆیانە، جەختیان خستەسەر باسی ئەدەب بە واتا جیهانییەکەی و ئاراستەی بابەتە پەیوەندیدارەکانەوە. بەڕێزیان هەروەها بە چڕوپڕی باسی ئەدەبی کوردیی کرد لە چوارچێوەی ئەدەبی جیهانیدا و چلۆنایەتیی نزیک‌بوونەوەی بە جیهانی‌بوونەوە شرۆڤەیەکی ڕێک‌وپێکی ئاراستەی بەشداربووانی سمینارەکە کرد.

سمیناری دووهەم کە د. ڕێبوار مەلازادە پێشکەشی ئامادەبووانی کرد، بریتی بوو لە دەقناسی و دەقییەتی ئەدەبی کوردی. دوکتۆر مەلازادە کە پێشتر کاری لێکۆڵینەوەییان لەم بوارەدا کردووە، بابەتی دەق و پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەدەب، زمان و مژارگەلێکی تردا شی کردەوە و جەختیان خستەسەر جۆرەکانی دەق و ئەو بابەتەی کە کامە مژار وەکوو دەق ناوی لێ‌دەبردرێت و بە وردی دەقایەتیی لە شێعر ــ بەتایبەت شێعری کوردی ــدا ئاراستەی خوێندکاران و مامۆستایان کرد.

شایانی باسە کە سمینارەکە بە پرسیار و وڵام، تێبینی و چەند باسێک کە لەنێوان مامۆستا و خوێندکارانی بەشداربوو و دوو پڕۆفیسۆری بەڕێزدا خرا بەرباسەوە، کۆتاییی پێ‌هات.