دەستکەوت و شانازییەکان


دکتۆر جەلیل فەتحی
تۆمارکرانی ناو لە لیستی دوو لە سەدی زانایانی پڕیادکردی (Most Cited) جیهان

بەپێی دواین داتاکانی بڵاوکراوە لەلایەن بنکەی داتای جیهانیی ئێڵسێڤیەر (Elsevier) و شیکارییەکانی زانکۆی ستانفۆرد، دکتۆر جەلیل فەتحی، ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان، لە لیستی دوو لە سەدی زانایانی پڕیادکرد و کاریگەری جیهان جێگیر بوو. ئەم سەرکەوتنە بەرچاوە، نیشاندەری پێگەی زانستیی باڵای زانکۆی کوردستانە لە گۆڕەپانی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەریی زانستیی توێژەرانی ئەم زانکۆیەیە.
لیستی زانایانی پڕیادکرد، بەپێی پێنوێنە (Indice) تێکەڵەکان لەوانە کۆی گشتیی ژمارەی یادکردەکان (Citations)، پێنوێنی h، پێنوێنی hm، ژمارەی وتارەکان بە نووسەریی تاک، یەکەم و کۆتایی، و ڕێژەی ئارجێدان بە وتارە جیاوازەکان ئامادە کراوە. ئەم پێنوێنانە بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی کوالێتی و کاریگەریی زانستیی توێژەران لە ئاستی جیهانیدا داڕێژراون و بوون لەم لیستەدا، نیشانەی متمانەی زانستی، بەردەوامی لە توێژینەوە و کاریگەریی نێودەوڵەتییە.

​​​​​​​


دکتۆر تەیموور مالمیر
ئەندامیەتی لە ئەنجومەنی زانستیی گرووپی ئەدەبیاتی فارسیی شۆڕشی ئیسلامی

بەپێی فەرمانێک لەلایەن فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسییەوە، دکتۆر تەیموور مالمیر، ئەندامی دەستەی زانستیی بەشی زمان و ئەدەبی فارسیی زانکۆی کوردستان، وەک ئەندامی ئەنجومەنی زانستیی «گرووپی ئەدەبیاتی شۆڕشی ئیسلامی» لەم فەرهەنگستانەدا دەستنیشان کرا.

 

 


دکتۆر بەختیار سەجادی
تاکە ئەندامی ئێرانیی ئەنجومەنی زانستیی ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی کوردی

لە دەستکەوتێکی زانستی و فەرهەنگیی بەرچاودا، دکتۆر بەختیار سەجادی، ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان، وەک تاکە ئەندامی ئێرانی بۆ ئەنجومەنی زانستیی ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی کوردی (کۆڕی زانیاریی کورد) هەڵبژێردرا. ئەم هەڵبژاردنە، پێگەی باڵای زانکۆ لە بواری لێکۆڵینەوە کوردییەکاندا دەچەسپێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، لەم دەستکەوتە زانستی و فەرهەنگییە نێودەوڵەتییەدا، دکتۆر بەختیار سەجادی، ئەندامی دەستەی زانستیی بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی، وەک ئەندامی ئەنجومەنی زانستیی ئەم ئەکادیمیایە هەڵبژێردرا.
ئەم ئەکادیمیایە کە نووسینگەی سەرەکیی لە شاری هەولێر (هەرێمی کوردستانی عێراق) هەڵکەوتووە، تاکە دامەزراوەی فەرمیی زمان و ئەدەبی کوردییە و ئەنجومەنی زانستییەکەی لە ٢٥ ئەندامی دیار لە سەرانسەری جیهان پێکهاتووە. دکتۆر بەختیار سەجادی تاکە ئەندامی ئێرانییە کە لەم کۆڕە زانستییە نێودەوڵەتییەدا بەشدارە.
ئەم هەڵبژاردنە کە نیشاندەری پسپۆڕی و پێگەی زانستیی باڵای دکتۆر سەجادی لە ئاستی جیهانیدایە، شانازییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگای زانستیی زانکۆی کوردستان و وڵات. بەڕێزیان وەک یەکەمین بەڕێوەبەری گرووپی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە دامەزراندن و گەشەپێدانی ئەم بەشەدا هەبووە.

 


​​​​​​​